24/03/2026
كارل ماركس.
پێداچوونەوە بە کتێبی «بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی کارڵ مارکس – ئەلێکس کالینیکۆس
نووسینی: مەحموود سەلامە
خانەی وەرگێڕانی: ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی
کتێبی "بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی کارڵ مارکس" بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٣دا بڵاوکرایەوە، سەد ساڵ دوای کۆچی دوایی بیرمەند و فەیلەسوفی ئەڵمانی کارڵ مارکس (کۆچی دوایی ١٨٨٣).
لەم کتێبەدا، ئەلێکس کالینیکۆس، تیۆریستی مارکسیستی بەریتانی و سەرکردەی پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی بەریتانیا، هەوڵی داوە دیارترین بیرۆکەکانی مارکس و بەناوبانگترین کتێبی "سەرمایە" (رأس المال) پێشکەش بکات. کالینیکۆس هەوڵ دەدات بیرۆکەکانی مارکس و ژیاننامەی سادە بکاتەوە و ئەو چوارچێوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانەی کە ئەم بیرۆکانەی تێدا دەرکەوتوون بخاتە ڕوو، جگە لەو کاریگەرییە جیاوازانەی کە لەسەر مارکس هەبوون.
لە میانەی ئەم پێداچوونەوەیەدا، کالینیکۆس ئەم بیرۆکانە بە ڕووداو و زانیارییە هاوچەرخەکانەوە دەبەستێتەوە، هەروەها وەڵامی دیارترین ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە ئاراستەی بیرۆکەکانی مارکس کراون. لێرەوە گرنگیی کتێبەکە دەردەکەوێت کە تەنها پێشکەشکردنێکی سادەی بیرۆکەکانی مارکس نییە، بەڵکو خستنەڕووی ئەو بارودۆخانەیە کە بیرۆکەکانی تێدا لەدایکبوون و تاوتوێکردنی لایەنە جیاوازەکانی ئەو ڕەخنانەی کە لێیان گیراوە. ئەم پێشکەشکردنە بیرۆکەکانی مارکس لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەکی تڕۆتسکیستییەوە دەخاتە ڕوو کە چەقەکەی سۆشیالیزم لە خوارەوە و ڕزگاریی خودی چینی کرێکارە.
"ئەرکی تیۆریستەکان ئەوە نییە یاسا بۆ کرێکاران دابنێن، بەڵکو لە بەرامبەردا ئەوەیە تێبگەن کە ئەو کرێکارانە بۆ چی تێدەکۆشن و بۆیان ڕوون بکەنەوە چۆن بەدەستی دەهێنن"
کتێبەکە لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەهەم لە ئەڵمانیاوە دەست پێدەکات، کە سەردەمی زێڕینی فەلسەفەی ئەڵمانی بوو، کە تێیدا ئەڵمانیا وەک بڵێی لە ڕێگەی فەلسەفەوە قەرەبووی دەستەوستانیی سیاسی و ئابووریی خۆی دەکردەوە. لەم بارودۆخەدا مارکس لە خێزانێکی چینی ناوەند گەورە بوو، پەروەردەیەکی لیبراڵیانەی وەرگرت کە ئامادەی دەکرد بۆ کارکردن لە بواری دادوەری، ئەگەر وازی لێ نەهێنایە و خۆی بۆ خوێندنی فەلسەفە تەرخان نەکردایە. لەوێ مارکس ئاشنای کارەکانی دیارترین بیرمەندی ئەڵمانی، هیگڵ (کۆچی دوایی ١٨٣١) بوو، بەتایبەتی خوێندنەوەی "هیگڵییە لاوەکان" بۆ کارەکانی. لێرەوە مارکس ڕووی لە کاری ڕۆژنامەگەریی سیاسی کرد کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ژیانیدا، چونکە تا ئەو کاتە لەژێر کاریگەریی بیروڕاکانی هیگڵدا بوو سەبارەت بە دەوڵەت وەک قەوارەیەکی سەروو-چینایەتی.
لە ڕێگەی کارکردنی لە ڕۆژنامەگەریی سیاسییدا، بیرۆکەکانی مارکس دەستیان بە ڕەگداکوتان کرد و زیاتر لە چینی کرێکار نزیک بووەوە و سەرسام بوو بە چینی کرێکاری فەرەنسی. لێرەدا ڕەگ و ڕیشەی ماددیگەرایی مێژوویی مارکس دەستی بە دەرکەوتن کرد، بەتایبەتی دوای خوێندنەوە جددییەکانی بۆ کارەکانی ئادەم سمیت و دەیڤید ڕیکاردۆ. لە فەرەنسا، هاوڕێی تەمەنی، فریدریش ئەنگڵسی (کۆچی دوایی ١٨٩٥) ناسی و پێکەوە "لیژنەی نامەگۆڕینەوەی کۆمۆنیست"یان دامەزراند و کەوتنە ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوە سۆسیالیستییەکانی ئەو سەردەمە، و پێکەوە بەناوبانگترین کاریان نووسی کە ئەویش "مانیفێستی کۆمۆنیست" بوو.
"شەبەنگێک بەسەر ئەوروپادا دەسووڕێتەوە – شەبەنگی کۆمۆنیزم"
لەو کاتەدا ئەوروپا بەهۆی ڕاپەڕینەکانەوە لە فەرەنسا، پرووسیا و نەمسا دەکوڵا، لێرەدا حکومەتە جیاوازەکان درکیان بە مەترسیی مارکس و هاوڕێکانی کرد. مارکس گەڕایەوە بۆ ڕۆژنامەگەریی سیاسی و خۆی تەرخان کرد بۆ خوێندنی ئابووری بەرەو گرنگترین کارەکەی کە "سەرمایە"یە.
بەشی دووەم باسی بیرۆکە سۆسیالیستییە جیاوازەکان دەکات کە پێش مارکس هەبوون، چونکە مارکس یەکەم کەس نەبوو کە باسی کۆمۆنیزمی کردبێت. مۆرکی نموونەیی (ئایدیالیستی) ڕۆشنگەری بەسەر بیرۆکە سۆسیالیستییەکانی ئەو سەردەمەدا زاڵ بوو، کە لە باوەڕێکی قووڵ بە هێزی عەقڵەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو کۆمۆنیستە سەرەتاییانە باوەڕیان وابوو کە گۆڕانکاری لە ئەنجامی جەنگی نێوان بیرۆکەکانەوە دروست دەبێت، و ڕێگەی ئەوەش لە ڕێگەی ڕۆشنگەریکردنی جەماوەرەوەیە. ئەم نوخبەگەراییە (elitism) زەقە، وای لە جەماوەری کرێکاران و جوتیاران دەکرد وەک بینەرێکی بێدەسەڵات لە پڕۆسەی ڕزگاربوونیاندا سەیر بکرێن؛ واتە وەک "بەرکار" نەک "بکەر". هەر بۆیە کارەکەیان بەوە کۆتایی هات کە گوتارێکی سەروو-چینایەتی بگرنەبەر (کە بەتایبەت چینە دەسەڵاتدارەکانی دەکردە ئامانج)، بەبێ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینە لە سروشتی ململانێی چینایەتی و چەقبوونی ڕۆڵی چینی کرێکار لەم ململانێیەدا. کێشەی ئەوان لە داڕشتنی تیۆرییەکدا بوو بۆ چۆنێتی گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی خوازراو. لێرەشدا گرنگترین بەشداریی مارکس دەرکەوت بە پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی ماددی بۆ سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای ماددیگەرایی دیالەکتیکی و چۆنێتی تێپەڕاندنی دامەزرابوو.
شیکردنەوەی مارکس پشتی بە دوو ڕەگەزی سەرەکی بەستبوو؛ ئەوانیش فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی و ئابووریی سیاسیی بەریتانی بوون. لە یەکەمیاندا دیالەکتیک دەرکەوت، ئەو شێوازە فەلسەفییە نوێیەی کە هیگڵ پەرەی پێدابوو، وەک ڕێگەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ سەیرکردنی جیهان و دژایەتییەکانی، و لەسەر ئەو بنەمایەی کە "دژایەتی" لە ڕەگی هەموو دیاردەیەکدایە، و ئەسڵ لە شتەکاندا گۆڕانکاری و بزووتنەوەیە. دوای ئەو، فۆیەرباخ (کۆچی دوایی ١٨٧٢) هات، کە ناوکە ماددییەکەی خستە ناوەڕاستەوە کە لە پشتی پەردە ڕۆحییەکەی هیگڵەوە بوو. ڕەخنەی فۆیەرباخ لە هیگڵ بووە خاڵی دەستپێکی سەرەکی بۆ مارکس، کە هەڵوێستی خۆی بەوە داڕشت کە "فیکر جیهان دروست ناکات، بەڵکو ڕەنگی دەداتەوە"، و "بوونی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکانە کە هۆشیارییان دیاری دەکات".
سەبارەت بە ئابووریی سیاسیی بەریتانی، مارکس لە ڕەخنەگرتن لە ئادەم سمیت، تۆماس ماڵتوس و دەیڤید ڕیکاردۆوە دەستی پێکرد، کە ئابووریی بازاڕی سەرمایەدارییان وەک میکانیزمێکی "سروشتی" دەبینی، و بەوەش یاساکانی بازاڕ دەبنە یاسای سەروو-مێژوویی، بەپێچەوانەی دەرەبەگایەتییەوە کە وەک میکانیزمێکی دەستکرد دەیانبینی. سەرەڕای ئەوەش، مارکس سوودی لە شیکردنەوەکەی ڕیکاردۆ وەرگرت کە دەیگوت "بایەخی کاڵاکان لەو کارەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆ بەرهەمهێنانیان پێویستە". لەم شیکردنەوەیەوە، بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و سەرمایەداران دروست دەبێت، چونکە هیچ زیادبوونێکی گونجاو لە بایەخی کاردا نییە بەبێ کەمبوونەوەی قازانج، واتە پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوان کرێ و قازانجدا هەیە. بەڵام ئەم شیکردنەوانە هێشتا لەسەر ئەو بنەمایە بوون کە سروشتێکی مرۆیی نەگۆڕ هەیە و دابەشبوونی کۆمەڵگە بۆ چینەکان شتێکی حەتمی و سروشتییە.
"شێوازی شیکاریی من لە مرۆڤەوە دەست پێناکات، بەڵکو لەو قۆناغە مێژووییانەوە دەست پێدەکات کە کۆمەڵگە تێیدا دەژی و ئابووری پێشکەشی دەکات"
کالینیکۆس لە بەشەکانی دواتری کتێبەکەدا، دیارترین ڕەهەندەکانی بیرۆکەکانی مارکس دەخاتە ڕوو، لە سەرووی هەمووشیانەوە "سروشتی مرۆڤ"، کە کۆنترین بەڵگە دژی سۆسیالیزم ئەوەیە کە گوایە سۆسیالیزم دژی سروشتی مرۆڤە. ئەم بیرۆکانە لە دیدێکی سەروو-مێژووییەوە بۆ سروشتی مرۆڤ دەست پێدەکەن و وەک شتێکی حەتمی و نەگۆڕ (بە پشتبەستن بە بنەما ئایینییە مەسیحییەکان) سەیری دەکەن بۆ ئەوەی بوونی کۆمەڵگەی چینایەتی و سەرمایەداری پاساو بدەن. مارکس بوونی سیفەتی هاوبەشی لە نێوان کۆمەڵگە مرۆییە جیاوازەکاندا ڕەت نەکردەوە، بەڵام ئەوەی بڕیاری لەسەر دا ئەوە بوو کە ناتوانرێت تێبگەین کۆمەڵگەکان چۆن دەگۆڕێن بەبێ تێگەیشتن لە کۆی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی حوکمیان دەکەن. لێرەوە "کار" بەو پێیەی -بەپێی مارکس- جەوهەری مرۆڤ و چالاکییە جیاوازەکەیەتی لە کارلێککردن لەگەڵ سروشت و گۆڕینیدا، دەبێتە چەق. مرۆڤ مرۆڤە چونکە کار دەکات، هەروەها بوونەوەرێکی سیاسییە و کەسایەتییەکەی تەنها لەناو کۆمەڵگەدا دیاری دەکرێت. ئەگەر کار و بەرهەمهێنان گرنگترین چالاکیی مرۆیی بن، ئەوا تێگەیشتن لە شێوازی ڕێکخستنی ئەم بەرهەمهێنانە سەرەتای شیکردنەوەی ئەو کۆمەڵگەیەیە، یان ئەوەی مارکس ناوی نا "پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنان".
مارکس لەم شیکردنەوەیەدا دژی هیگڵ و فۆیەرباخ بوو لە لێکدانەوەی "نامۆبوون" (alienation) کە ئەوان وەک دیاردەیەکی فیکری دەیانبینی. بەڵام مارکس بە پڕۆسەیەکی ماددی و کۆمەڵایەتی دەزانی؛ لە سایەی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، کرێکار ناچار دەبێت هێزی کاری خۆی بفرۆشێت، و هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر بەرهەمەکان و کارەکەیدا نییە کە جەوهەری بوونی مرۆیی ئەون، لێرەدا مرۆڤ لە سروشتی مرۆیی خۆی نامۆ دەبێت. ئەم بارودۆخەی کارە نامۆبووەکە دەبێتە هۆی پەیوەندییەک کە تێیدا ئەوەی کار ناکات، دەسەڵاتی بەسەر کاری ئەوی تردا هەبێت و قازانجی لێ بکات. لەم سۆنگەیەوە، دەستنیشانکردنی مارکس بۆ کێشەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە ڕێگەی هاوێنەی ململانێی چینایەتیی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارانەوە دەستی پێکرد.
بەڵام ئەوەی مارکسی لە سۆسیالیستە خەیاڵپڵاوەکان (Utopians) جیا کردەوە، شیکردنەوەی بوو بۆ ئەو ڕۆڵە یەکلاکەرەوەیەی کە ململانێی چینایەتی لە ڕوخاندنی سەرمایەداریدا دەیگێڕێت. چەمکی "چین" لای مارکس جیاوازە لەو پێناسەیەی لای پسپۆڕانی کۆمەڵناسی باوە؛ ململانێی چینایەتی لای مارکس لەگەڵ خودی چینەکاندا لەدایک دەبێت، کە لە ڕێگەی ململانێوە دروست دەبن و هەر یەکێکیان کاتێک وەک چینێک ڕەفتار دەکەن کە درک بە بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی چینەکانی تر دەکەن.
دژایەتی (تناقض) لای مارکس لە ڕێگەی ئاشتبوونەوەی نێوان دژەکانەوە چارەسەر ناکرێت کە تێیدا ڕەگەزە دژەکان بتوێنەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ململانێ و سەرکەوتنی یەکێک لەم دژانە بەسەر ئەوی تریاندا. ئەوەی مارکسی لە خەیاڵپڵاوەکان جیا کردەوە، تێگەیشتنی ماددی بوو بۆ سروشتی ئەم دژایەتییە، نەک وەک دژایەتییەک لە نێوان واقیع و فیکر، بەڵکو لەناو خودی ئەم واقیعەدا، لێرەدا دیالەکتیک ئەگەری گۆڕانکاری و تێپەڕاندنی دۆخی هەبوو دەستنیشان دەکات. مارکس لە ڕێگەی ئەم دیدگایەوە جیاواز بوو لە سۆسیالیستە خەیاڵپڵاوەکان کە وەک قوربانییەکی سەرمایەداری سەیری چینی کرێکاریان دەکرد، و وەک چینێکی دەستەوستان لە گۆڕانکاری، ئەمەش خەیاڵپڵاوەکانی خستە ناو تەڵەی ئایدیالیزمەوە. مارکس پێی وابوو ئەم شیکردنەوەیە لە بنەڕەتدا هەڵەیە، چونکە ڕۆڵی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی لە شۆڕشگێڕکردنی هۆشیاریدا پشتگوێ دەخات. کرێکاران تەنها بەرهەمی کۆمەڵگە نین، بەڵکو دژایەتییەکانی سەرمایەداری کرێکاران بەرەو تێکۆشان پاڵ دەنێن و لێرەدا چینی کرێکار دەگۆڕێت و وەک چینێکی هۆشیار بە خود و بەرژەوەندییە هاوبەش و دژبەیەکەکانی لەگەڵ سەرمایەداران دەجوڵێتەوە. جەوهەری بیری مارکس لە "ڕزگاریی خودی چینی کرێکار"دا کورت دەبێتەوە.
کالینیکۆس بەردەوام دەبێت لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی مارکس بەتایبەتی لە شیکردنەوەی مێژوو لە ڕێگەی تێڕوانین لە بەرهەمهێنانی ماددی و ئەو پەیوەندییانەی دروستی دەکات، و خوێندنەوەی مێژوویی لە ڕێگەی دیالەکتیکەوە. مارکس دژی "حەتمییەتە مێژووییەکان" بوو کە بکەری و کارلێکی مرۆڤەکان (بەتایبەت چینی کرێکار) لەگەڵ واقیعەکەیان و توانای گۆڕانکارییان لێ دەسەنێتەوە؛ "مێژووی هەر کۆمەڵگەیەک کە تا ئەمڕۆ بوونی هەبووە، تەنها مێژووی ململانێی چینەکانە". دواتر نووسەر دەچێتە سەر لێکدانەوەی مارکس بۆ سروشتی چەوسانەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، کە تێیدا چەوسانەوە پشت بە ژێردەستەکردنی جەستەیی نابەستێت، بەڵکو پشت بە فشارە ئابوورییەکان دەبەستێت کە تێیدا کرێکاران خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان نین. "ئازادی" لیبراڵی پێویستییەکی ئایدیۆلۆژیی هەیە بە هەردوو واتاکەی؛ کرێکاران لە لایەکەوە لە کۆیلایەتی ئازاد بوون، و لە لایەکی تریشەوە لە هەر خاوەندارێتییەکی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان "ئازاد" (بێبەش) کراون. سەبارەت بە قەیرانەکان، ئەوانە لە دژایەتییە ناوخۆییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی زاڵەوە سەرچاوە دەگرن، و ئەم قەیرانانە لە ناوخۆیاندا تۆوی بەرهەمهێنانی شێوازی نوێیان هەڵگرتووە. کالینیکۆس لە بەشی دواتردا کورتەیەکی سادەی دیارترین چەمکەکانی کتێبی "سەرمایە" پێشکەش دەکات وەک: زێدەبایە (surplus value)، سەرچاوەی قازانج، سەرمایەی نەگۆڕ و گۆڕاو، و هی تر. کالینیکۆس سوودی لە نموونەی سادە وەرگرتووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بیرۆکانە، کە یارمەتیدەرە بۆ نزیککردنەوەی چەمکەکان لە خوێنەر و بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەرە لە خوێندنەوەی کارە هەرە گرنگەکەی مارکس (سەرمایە).
کالینیکۆس لە دوو بەشی کۆتاییدا باس لە چەپ و دەسەڵاتی کرێکاران، یان دیدگای مارکسیستی بۆ گواستنەوە بەرەو سۆسیالیزم دەکات. مارکس و چەپەکانی تر مشتومڕیان لەسەر پێویستیی بنیاتنانی پارتێکی کرێکاری دەکرد کە سەرکردایەتی تێکۆشانی چینایەتی دژی سەرمایەداری بکات، لێرەشدا پرسیار دەربارەی ئەو ڕۆڵە دروست دەبێت کە دەبێت چەپ بیگێڕێت. مارکس دژی نوخبەگەرایی بوو، یان ئەوەی کە کۆمۆنیستەکان لە ململانێی چینایەتیدا جێگەی کرێکاران بگرنەوە، یان وەک کەمینەیەکی ڕۆشنبیر، پێش پەرەسەندنی شۆڕشگێڕانە بکەون و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بدەن. بەپێچەوانەوە، پێویستە کۆمۆنیستەکان بەشداری بکەن لە ئەرکەکانی "ڕێکخستنی گشتیی پڕۆلیتاریا" و ڕۆشنبیرکردنی تیۆرییانەیان، چونکە کۆمۆنیستەکان پارتێکی جیاواز پێکناهێنن و نابێت بەرژەوەندیی جیاوازیان لە کۆی پڕۆلیتاریا هەبێت.
کالینیکۆس کتێبەکەی بە خستنەڕووی دیارترین ئەو ڕەخنانە کۆتایی پێ دەهێنێت کە ئاراستەی بیری مارکس کراون سەبارەت بە ڕادەی گونجاوی شیکردنەوەی مارکسیستی بۆ واقیعی ئێستا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەوڵەتانی خۆشگوزەرانی (welfare states) لە ئەوروپا گرتیانەبەر.
بە شێوەیەکی گشتی، ئەم کتێبە دەروازەیەکی نایابە بۆ بیرۆکەکانی مارکس و لێدوانێکی ئێجگار گرنگ و سوودبەخشە بۆ تێگەیشتن لەو بارودۆخانەی ئەم بیرۆکانەیان بەرهەمهێناوە.